خوێندنی باڵا: 11 هه‌زار پێشكه‌شكار به‌شدارییان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زانستیی كرد

زانكۆكورد:

زیاترله‌ 11 هه‌زار پێشكه‌شكار له‌ هه‌رێم به‌شدارییان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا كرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ی 2ی 2020 د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵای دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی، ماستەر و دكتۆرای بەسەركردەوە.
كە لە (١٥) زانكۆی حكومی لە هەرێمی كوردستان (١١,٢٤٢) پێشكەشكار بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی كرد، بەجۆرێك لەم ژمارەیەدا (١٥٠٥) پێشكەشكار بۆ دبلۆمی باڵا، (٧٣٤٣) پێشكەشكار بۆ ماستەرو، (٢٣٩٤) پێشكەشكار بۆ دكتۆرا بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكان كردووە.

لەبەسەركردنەوەی هۆڵی تاقیكردنەوەكانیشدا، د.ئارام محەمەد قادر رایگەیاند: دوای 4 ساڵ چاوەڕوانی خوازیاران و پێشكەشكاران بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، و ئامادەكردن و راگەیاندنی رێنماییەكان و كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردن، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی لە زانكۆكانی كوردستان بۆ دبلۆمی باڵا و ماستەرو دكتۆرا بەسەركەوتووی بەڕێوەچوو.

وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی: كردنەوەی خوێندنی باڵا لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان لەدوای پرۆژەی تواناسازی، یەكێكە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی هەرێمەكەمان بۆ پێگەیاندنی فێرخوازان، وتیشی: لە پرۆسەكانی پێشبڕكێ و وەرگرتن دوور لە هەموو دەستكاری و پێشێلكاریەك ڕەچاوی بنەماكانی هەلی یەكسان و شەفافیەت و دادەپەروەری كۆمەڵایەتی كراوە، بۆیە بەوردی كار بۆ پاراستنی پڕۆسەكە كراوە ئەویش لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە كارپێكراوەكان.

وەڵامێک بنووسە